02 06 2026

شانازییەکی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆی کوردستان؛

بەخشینی مەدالیای ئەنجومەنی ئەندازیارانی کارەبای ژاپۆن بە دکتۆر حەسەن بێوەرانی

دکتۆر حەسەن بێوەرانی، مامۆستای پایەبەرز (پڕۆفیسۆر) لە گرووپی ئەندازیاریی کارەبا-کۆنترۆڵی زانکۆی کوردستان، سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی مەدالیای "پەرەپێدانی زانستیی ئەندازیاریی کارەبا" لە لایەن ئەنجومەنی ئەندازیارانی کارەبای ژاپۆن (The Institute of Electrical Engineers of Japan - IEEJ).

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەم مەدالیایە بە پاساوی ڕۆڵی کاریگەر و دەستکەوتە توێژینەوەییەکانی دکتۆر حەسەن بێوەرانی لە گەشەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەندازیاریی کارەبا پێی بەخشراوە. هەروەها بڕوانامەی ڕێزلێنانی فەرمیی ئەو ئەنجومەنە هاوڕێ لەگەڵ مەدالیاکە پێشکەشی ناوبراو کرا. ئەنجومەنی ئەندازیارانی کارەبای ژاپۆن یەکێکە لە باوەڕپێکراوترین ناوەندە پسپۆڕییەکانی بواری ئەندازیاریی کارەبا لە جیهاندا و بەخشینی ئەم مەدالیایە نیشاندەری پێگەی بەرز و کاریگەریی توێژینەوەکانی دکتۆر حەسەن بێوەرانییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

دکتۆر حەسەن بێوەرانی یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی دەستەی زانستیی گرووپی ئەندازیاریی کارەبا-کۆنترۆڵی زانکۆی کوردستانە کە چالاکییە فێرکاری و توێژینەوەییەکانی لە بوارەکانی ئەندازیاریی کارەبا و کۆنترۆڵی سیستەمەکانی هێز، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە ناوەندە پسپۆڕییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە.

زانکۆی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە بەنرخە لە دکتۆر حەسەن بێوەرانی، بنەماڵەی زانکۆ و کۆمەڵگەی ئەندازیاریی وڵات، هیوای بەردەوامیی دەستکەوتە زانستی و توێژینەوەییەکانی بۆ دەخوازێت. بێگومان بەدەستهێنانی ئەم جۆرە شانازییانە، نیشاندەری توانای زانستیی زانکۆی کوردستان و ئامادەبوونی کاریگەری توێژەرانی ئەم زانکۆیەیە لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکاندا.